Skip to Content
Asylum in Finland

زانیاری بۆ داواکەری پەنابەری لە دوای چاوپێکەوتن 

لە دوای چاوپێکەوتن دەکرێت فەرمانگەی کۆچ داوای ڕوونکردنەوەی زیاترت لێ بکات – وەڵامەکەت لە کاتی دیاریکراودا بنێرە  

لە دوای چاوپێکەوتن فەرمانگەی کۆچ بەردەوام دەبێت لە تاوتوێکردنی داواکەت. ئەگەر پێویستیمان بە زانیاریی زیاتر بوو لەبارەی تۆوە، دەتوانین داوای ڕوونکردنەوەی زیاترت بۆ بنێرین یان تێستی زمانت بۆ بکرێت یان بانگهێشت بکرێیت بۆ گوێ لێگرتنێکی نوێ. 

ڕوونکردنەوە زیادەکان

  • ئەگەر پێویستیمان بە زیانیاریی زیاتر بوو لە سەر تۆ بە نووسراو، داوای ڕوونکردنەوەی زیاترت بۆ دەنێرین بە نامە. لە نامەکەدا باسی ئەوە دەکەین کە ئاخرین وادە کەیە بۆ گەیشتنی وەڵامەکەت بۆ فەرمانگەی کۆچ.
  • لەو ماوەیەدا کە دیاری کراوە وەڵامی داوای ڕوونکردنەوە زیادەکە بدەوە. بەرپرسیارێتیی ئەوەی کە وەڵامەکە لە دوایین ڕۆژی وادەی دیاریکراودا بگاتە فەرمانگەی کۆچ لە ئەستۆی خۆتدایە. فەرمانگەی کۆچ دەتوانێت بڕیار لەسەر داواکەت بدات ئەگەر تەنانەت وەڵامی داوای ڕوونکردنەوەی زیاتریش نەدەیتەوە. 
  • ئەگەر پارێزەرت هەیە، ئەویش دەتوانێت وەڵامەکەت بۆ فەرمانگەی کۆچ بنێرێت. لەو بارەیەوە لەگەڵ پارێزەرەکەت قسە بکە. 

گوێ لێگرتنێکی نوێ

  • ئەگەر تۆ بانگهێشت بکەین بۆ گوێ لێگرتنێکی نوێ، ناوەندی پێشوازی بانگهێشتنامەکەت پێ ڕادەگەیەنێت. لە بانهگێشتننامەکەدا باسی ئەوەت بۆ دەکەین کە بۆچی دەمانەوێت دووبارە گوێت لێ بگرینەوە.
  • بەر لە گوێ لێگرتنەکە بانگهێشتنامەکە و ڕێنماییەکانی بە وردی بخوێنەوە. 
  • زوو لە شوێنەکەدا ئامادە بە. بەبێ هۆیەکی پاساودراو ناتوانیت کاتی گوێ لێگرتنەکە دوابخەیت. ئەگەر بەبێ هۆیەکی پاساودراو لە گوێ لێگرتنەکەدا ئامادە نەبیت دەتوانین بڕیار لەسەر داواکەت بدەین بەبێ گوێ لێگرتنێکی نوێ.

هەروەها خۆتیش دەتوانیت لە دوای چاوپێکەوتنەکە روونکردنەوەی زیاتر بنێریت 

ئەگەر لە بارودۆخەکەتدا گۆڕانکاری ڕوویدا یان ڕوونکردنەوەی زیاتر بۆ داواکەت بەدەست بهێنیت، دەتوانیت لە دوای چاوپێکەوتنەکە ڕوونکردنەوە زیادەکان بنێریت بۆ فەرمانگەی کۆچ، وەکو ڕاپۆرتی دوکتۆر یان بەڵگەنامەی ناسنامەی کەسێتی خۆت، ئەگەر هەتاکو ئێستا نەتناردبێت بۆ فەرمانگەی کۆچ. هەر کاتێک دەرفەت هەبوو یەکسەر ڕوونکردنەوەکە بنێرە. ئەگەر پارێزەرت هەیە لەو بارەیەوە لەگەل ئەو قسە بکە.

ئەگەر لە کاتی تاوتوێکردنی داواکەت ناونیشانەکەت، ژمارە تەلەفۆنەکەت یان ئیمەیلەکەت گۆڕانیان بەسەردا هات، دەسبەجێ ناوەندی پێشوازیی خۆت لەو گۆڕانکارییە ئاگاداربکەرەوە.

بەم شێوەیە ڕوونکردنەوەی زیاتر دەنێریت بۆ داوای پەنابەرییەکەت

ڕوونکردنەوە زیاترەکە یان بە ئیمەیل بنێرە یان بە نامە. هەروەها دەتوانیت ڕوونکردنەوە زیاترەکە بهێنیت بۆ بنکەی خزمەتەکانمان. لە ڕوونکردنەوەکەدا ژمارەی نەفەرەکەت و ژمارەی تۆمارەکە بنووسە. ژمارەی نەفەر و ژمارەی تۆمار بۆ نموونە لە گۆشەی لای ڕاستی سەرەوەی کۆنووسی چاوپێکەوتن یان داوانامەی ڕوونکردنەوەی زیاتر دەبینرێن. 

ئەگەر داوای ئەوەمان لێت کردبێت کە نوسخەی ڕەسەنی بەڵگەنامەکان بنێریت بۆ فەرمانگەی کۆچ. باشتر وایە ئەوانە بە نامەی پۆستی تۆمارکراو بنێریت. دەتوانیت سەبارەت بە ناردنی نامەی تۆمارکراو پرسیاری ڕێنمایی لە ناوەندی پێشوازییەکەی خۆت یا پارێزەرەکەت بکەیت. هەروەها دەتوانیت خۆت نوخسەی ڕەسەنی ئەو بەڵگەنامانە بهێنیت بۆ بنکەی خزمەتەکەمان، ئەگەر بتەوێت.

ئیمەیل

ڕوونکردنەوەی زیاتر بە ئیمەیل بنێرە بۆ ناونیشانی migri@migri.fi. کاتێك کە ئیمەیل دەنێریت، خزمەتی ئیمەیلی پارێزراو (securemail),  ی فەرمانگەی کۆچ (securemail.migri.fi) بەکاربهێنە. خزمەتی Securemail نامەکەت بەنهێنی دەپارێزێت . ئێمە ناتوانین ئەو نامانە بکەینەوە کە بێجگە لە خزمەتی ئیمەیلی پارێزراوی فەرمانگەی کۆچ بەڕێگەی دیکە بە نهێنی کراون. لە لاپەڕەی (Contact information ڕینمایی سەبارەت بە چۆنێتی بەکارهێنانی خزمەتی ئیمەیلی پارێزراو بخوێنەوە.

ناونیشانی پۆست

ئەگەر ڕوونکردنەوەی زیاترت بە نامە نارد، نامەکە بنێرە بۆ ناونیشانی: Maahanmuuttovirasto, PL 10, 00086 Helsinki

هەروەها دەتوانیت وەڵامەکەت بهێنیت بۆ بنکەی خزمەتەکانمان 

پێویست ناکات کات بگریت و پێویستیت بە ژمارەی نۆرەگرتن نیە. ڕوونکردنەوە زیادەکە لە زەرفێکی نامەدا بخەرە ئەو سندوقی پۆستەوە کە لە هۆڵی ئۆفیسەکەدایە. لەم ماڵپەڕەدا کاتەکانی کرانەوەی ئۆفیسەکان و زانیارییەکانی پەیوەندی کردن بخوێنەوە Service points.

گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی یارمەتی دراو 

ئەگەر دەتەوێت بگەڕێیتەوە بۆ وڵاتی خۆت یان بۆ ئەو وڵآتەی کە مافی مانەوەت هەیە، دەتونیت داوای یارمەتیی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە پێشکەش بکەیت. بۆ بڕیاردان لەسەر پێدانی یارمەتی چەند مەرجێکی دیاریکراو هەیە و کاتێک کە داوای یارمەتی پێشکەش دەکەیت وردبینیی ئەو مەرجانە دەکرێت. ئەگەر دەتەوێت داوای گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی یارمەتیدراو پێشکەش بکەیت پەیوەندی بە کارمەندی ناوەندی پێشوازییەوە بکە. ناوەندی پێشوازی یارمەتیت دەدات لە نووسینی داوانامەی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی یارمەتیدراو و بڕیار لەسەر داواکە دەدات.

گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی یارمەتیدراو بریتیە لە پاڵپشتی و یارمەتی کە دەتوانیت بۆ گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆت وەری بگریت، ئەگەر

  • بۆ داوای پەنابەرییەکەت بڕیاری نەرێنیت وەرگرتبێت 
  • بتەوێت داوای پەنابەرییەکەت بکشێنیتەوە.
  • پێگەی پاراستنی نێودەوڵەتی کە پێت دراوە ڕاگیرابێت یان
  • قوربانیی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە بیت.   

دەتوانیت پاڵپشتیی هەمەلایەنە وەربگریت بۆ گەڕانەوە: لێرەدا ئەوە بخوێنەوە، دەتوانیت چی جۆرە یارمەتییەک وەربگریت

پاڵپشتیەکانی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی یارمەتیدراو بریتین لە ڕێکخستنی گەشت، یارمەتیدان لە فڕۆکەخانەدا و ئەگەری یارمەتیی دارایی لە دوای گەڕانەوەت ئەو ڕێکخراوە دەیدات کە لە وڵاتی گەڕانەوەتدا کار دەکات. ڕێکخستنی گەشتی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی یارمەتیداراو لە ئەستۆی IOM دایە واتە ڕێکخراوی کۆچی جیهانی. IOM لە کاتی پێویستدا یارمەتیت دەدات بۆ وەرگرتنی بەڵگەنامەی گەشتکردن لە سەفارەتی وڵاتەکەی خۆتدا و تۆمارکردنی ئەو منداڵەت کە لە فینلەندا لە دایک بووە بە هاونیشتیمانیی وڵاتی گەڕانەوەکەت. ئەگەر کێشەی تەندروستیت هەیە، IOM لە ڕێکخستنی کارەکانی گەڕانەوەکەدا لەبەر چاوی دەگرێت.

کاتێک کە بڕیار لەسەر داوای گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەکەت وەردەگریت، لە بڕیارەکەدا زانیاریی ئەوە هەیە کە چی جۆرە یارمەتییەک دەتوانیت وەربگریت. یارمەتی بە پلەی یەکەم لە شێوازی سوودمەندی دەدرێت. مەبەست لەمەش خزمەتە جۆراوجۆرەکان و ئەو پێداویستییانەیە کە بۆ نموونە لە پێکەوەنانی کاسبکارییەکی تایبەت بە خۆت، لە مەشق یان خوێندندا، لە تێچوەکانی نیشتەجێبووندا یان لە تێچووەکانی خزمەتی تەندروستیدا یارەمەتیدەرت دەبن.    

مەرجی یارمەتیی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە ئەوەیە کە بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە لە فینلەندا بگوێزیتەوە. پێویستە لەسەرت هەموو داواکانی مافی پەنابەری، مۆڵەتی مانەوە یان ئەو داوایانەی کە پەیوەندییان بە پاسەپۆرتی بیانیەوە هەیە هەروەها تانە و سکاڵاکانت بکشێنیتەوە.  

ئەگەر سەبارەت بە گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە زانیاریی زیاترت دەوێت، پرسیاری زیاتر لە ناوەندی پێشوازییەکەی خۆت یان لە فەرمانگەی کۆچ بکە 

ئەگەر خۆت لە ناوەندی پێشوازیدایت، پەیوەندی بە کارمەندی ناوەندی پێشوازیی تایبەت بە خۆتەوە بکە. ئەگەر لە ناوەندی پێشوازیدا نیت، پەیوەندی بە فەرمانگەی کۆچەوە بکە:

زیاتر بخوێنەوە

مۆڵەتەکانی دیکەی مانەوە

زانیاری سەبارەت بە مۆڵەتەکانی دیکەی مانەوە و بنامەکانیان لەم ماڵپەڕانەدا دەدۆزیتەوە

داوانامەکان بە پارەن